لە کەرکوکەوە پێستە و ریخۆڵەی ئاژەڵ رەوانەی ئیتاڵیا و ڤێتنام دەکرێ

لە کارگەکەی بێستون دا زیاتر لە ١٦ کرێکار و کارمەند کار دەکەن.. فۆتۆ: مەکتوب

 مەكتوب - پێشەوا بەختیار

سەرەتا بەکۆکردنەوەی پێستەی فڕێدراو و سەروپێی ناو قەسابخانەکان دەستیپێکرد، ئێستا خاوەنی کارگەیەکە کە پێستە و ریخۆڵەی ئاژەڵ دوای خۆشەکردن و ئامادەکردنیان، رەوانەی وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ئەوروپا و ئاسیاشی دەکات. ئەو کەسە بێستون موئەیەدی تەمەن ٣٧ ساڵانە.

کارگەکەی بێستون کەوتووەتە ناوچەی چیمەن لە رۆژهەڵاتی کەرکوک و ئێستا زیاتر لە شانزە کرێکار و کارمەندی هەیە کە سەرجەمی ئەو کەسانە خەڵکی کەرکوکن. زۆربەی ئیشوکارەکانی ئەو کارگەیە بە دەستیی ئەنجام دەدرێن.

بێستون موئەیەد: حکومەت دەسگیرۆییم بکات، دەتوانم کارگەکە لەمە زیاتر پیش بخەم.. فۆتۆ: مەکتوب

سەبارەت بە کارگەکەی، بێستون بۆ ماڵپەڕی مەکتوب روونیکردەوە ساڵی ٢٠١١ هەروا شوێنێکی ئاسایی داناوە و لە قەسابخانەكانی كەركوك پێستەو سەروپێی فڕێدراوی ئاژەڵەکانیان کۆکردووەتەوە. ساڵ بە ساڵ ئەم کارە پەرە پێدەدەن تا دەگاتە ئاستێک دەچن لە شارەکانی تری ناوەڕاستی عێراق پێستە کۆدەکەنەوە و دەیهێننەوە لە کەرکوک خۆشەی دەکەن.

بێجگە لەناوخۆی عێراق، سەرەتا بەرهەمەکانیان رەوانەی تورکیا کردووە. دواتر کاتێ کارگەکەیان گەورەتر دەکەن، ئاستی هەناردەیان بەرز دەکەنەوە بۆ وڵاتانی وەکو ئیتاڵیا و ئەڵمانیاو تەنانەت ڤێتنامیش.

بێستون وتی:" دوور نییە بەشێکی ئەو پێڵاو و قایشی پانتۆڵ و پاڵتۆیانەی لە تورکیاوە دەهێنرێنە بازاڕەکانی کەرکوک، بەرهەمی کارگەکەی ئێمە نەبن چونکە بە رادەیەکی زۆر بەرهەمی پێستەی خۆشەکراومان بۆ ئەو وڵاتە دەنێرین. دوای ئەو ریخۆڵە و هەناوی ئاژەڵ بە ئامادەکراوی بۆ ئیتاڵیا و ڤێتنام دەنیرین."

بەرهەمەکانی کارگەی بێستوون هێشتا بە رێگای تەقلیدی خۆشە دەکرێن و کەرەستە و ئامێری زۆر پیشکەوتووی بۆ نەهێنراوە. بۆ ئەمە خاوەنی کارگەکە دەڵێ: شەڕی داعش گورزێکی کاریگەری دا لە بازاڕ و دەرامەتی ئەوان. بەڕادەیەک نزیک بووەتەوە لەوەی دەرگاکەی دابخەن چونکە کڕین  وفرۆشیان زۆر دابەزی بوو. بێجگە لەوە حکومەتی عێراق هیچ بەدەمەوهاتن ودەسگیرۆییەکی نییە تا پەرە بە کارگەکەی بدات و لەوەی ئێستا هەیە گەورەتری بکات.

ئامێر و کەرەسەکانی کارگەکەی بێستون نوێ نین، زۆربەی کارەکان بە دەست دەکرێن.. فۆتۆ: مەکتوب

بۆ خۆشەکردنی پێستی ئاژەڵێک، سێ‌ ڕۆژی کات دەوێ و بە چوار  قۆناغدا تێدەپەڕێ ئەویش قۆناغەكانی: دوو پەروانە و چەقۆ  و بەرمیل كە   بۆ ئامادەبوونی پێستە بۆ ئەو ئاستەی پێیدەڵێن "پیكڵ" سێ ڕۆژی تەواوی پێویستە.

بێستون بەمجۆرە باسی بەهەدەردانی بەشێکی زۆر لە بەرهەمی ئەوان دەکات کاتێ رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێ: " نرخی یەك پێستەی خۆشەکراو کە ئێمە دەینێرینە دەرەوەی وڵات نزیكەی دوو دۆلارە، لەوێ بۆ نموونە لە توركیا دەكرێن بە قایش یاخود پێڵاو، یەک پێستە ٢٤ قایشی لێ دروست دەکرێ، لانیکەم هەر قایشێک بفرۆشێ بە پێنج دۆلار، ١٢٠ دۆلار دەکات. ئەگەر بێتو ئەو بەرهەمانە لەناوخۆدا بەرهەم بهێنرێت تەماشکە چەند قازانجی هەیە. من هەوڵمداوە کارگەیەکی وا لە کەرکوک بکەمەوە، کەچی حکومەت هاوکاریم ناکات!"

لە قەسابخانەکانی کەرکوک ئاژەڵەکانی وەکو مانگا، مەڕوبزن، گامێش سەر دەبڕێن و لە کارگەکەی بێستوون پێستی هەموو ئەو ئاژەڵە سەربڕاوانە دیسان بەکار دەنهێنرێتەوە و بە ئامادەکراوی رەوانەی دەرەوە دەکرێ.

لێرەوە ریخۆڵە و هەناوی ئاژەڵان ئامادە دەکرێ و رەوانەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێ.. فۆتۆ: مەکتوب

 

هەمووان سه‌ربه‌ستن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ (Maktwb) بهێنرێت‌.
Developed by Smarthand