ئێران خەریکە پەشیمان دەبێتەوە لە گواستنەوەی نەوتی کەرکوک

مه‌كتوب – كه‌ركوك

حەفته‌ی رابردوو له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی ئێران-عێراق حەمید حوسێنی ئاشکرایکرد، ئەو پلانەی ئێران و عێراق سەبارەت بە هەناردنی نەوتی کەرکوک بۆ پاڵاوگەکانی كرماشان ڕێککەوتبوون لەسەری، کەوتووەتە بەردەم مەترسییەکی نوێ کە ئەویش سەرهەڵدانەوەی جموجوڵی چەکدارانی داعشە لە دەوروبەری کەرکوکدا کە ئەمەش وادەکات هەموو بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکرێن.

کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ بیژه‌ن زه‌نگه‌نه وەزیری نەوتی ئێران ئاشكرایكرد، لەگەڵ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق گەیشتوونەتە ڕێككەوتن لە بارەی پڕۆژەی هەناردنی نەوتی کەرکوک بۆ ئێران. سەرەتا بە تانکەر و دواتر لەڕێی بۆرییەکی نەوتبەرەوە نەوتی کەرکوک دەگوازرێتەوە بۆ کرماشان لە کوردستانی ئێران.

حوسێنی: جموجوڵی داعش وا دەکات ئێران نەتوانێ پابەندبێ بە گواستنەوەی نەوتی کەرکوک
 

قسەکانی سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی ئێران-عێراق لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمنی  وسەربازیی ئاماژە بەوە دەکەن، چەکدارانی داعش لە خوارووی رۆژئاوای کەرکوک دەستیان بە جموجوڵ کردووەتەوە بە جۆرێک رۆژی ١٢ی ئازاری رابردوو لە ئۆپراسیۆنێكی کێوماڵکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا ١٢ چەکداری داعشیان کوشتووە. پیشتر ئەو چەکدارانە دەستیان هەبووە لە کوشتنی حەوت هاوڵاتی مەدەنیدا.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق نیگەرانی وەزارەتەکەی نیشاندا سەبارەت بە لێدوانەکەی حەمید حوسێنی و تایبەت بۆ ماڵپەڕی مه‌كتوب وتی:" له‌ وتەكانی حه‌مید حوسێنی نیگه‌رانین، هه‌رچه‌نده‌ پابەندین بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکەوە  ئەگەر ئێران دەستی لێهەڵنەگرێ. بەڵام په‌شیمان بوونه‌وه‌ی ئێران له‌ رێکكه‌وتنه‌كه‌ بەو پاساوەی حوسێنی باسی کردووە، ئەوە مانای سه‌ركه‌وتنی داعشه‌ له ناوچه‌كەدا."

جیهاد ئاماژەی بەوەشدا ئێستا: ئاستی هه‌ناردنی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ ئێران، له‌ ٣٠ هه‌زار به‌رمیلەوە بەرزکراوەتەوە بۆ نزیكه‌ی ٦٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی بەرپرسەوە دراونەتە ماڵپەڕی مەکتوب، به‌رپرسانی كۆمپانیای نه‌وتی باكوور داوای ناردنی هێزی زیاتر دەکەن بۆ پارێزگاریکردن لە کێڵگە نەوتییەکان و ئەو رێگایانەی نەوتیان پێدا دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی پارێزگاکە. ئەم داواکارییە بە تایبەت دوای ئەوە هاتووە ناوەڕاستی مانگی ئازاری رابردوو کاروانێکی تانکەر نەوتبەر لەسەر رێگای سەرگەڕان لە رۆژئاوای کەرکوک، کەوتبوونە بۆسەی چەکدارانی داعشەوە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق: پەشیمان بوونەوەی ئێران وادەکات داعش بەهێزبێتەوە

رۆژی ١٧ی ئایاری ٢٠١٨ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پەرلەمانی عێراق، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ شاری هه‌ولێر، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان وتوویەتی: هێرشەکانی چەکدارانی داعش لە دەوروبەری کەرکوک بەردەوام دەبێ و وا دەردەکەوێت کە ئەم کردەوانە کاریگەری دروست بکەن لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و کەرتی نەوت و ئابووریی له كه‌ركوك.

سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسە ئێرانییەکە و هەبوونی مەترسی لەسەر نەوتی کەرکوک لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت راکان سه‌عید تایبەت بۆ‌ماڵپەڕی مه‌كتوب وتی: "ڕاستە ناوچە هەیە له‌ سنووری كه‌ركوك هێشتا ئارامیی و ئاسایشی تەواوی بۆ نەگەڕاوەتەوە، بەڵام من وای دەبینم کە پێشکەوتنی بەرچاو هه‌یه‌ لە کەرتی نەوت و هەناردنی بۆ دەرەوە. ئەو ئاڵۆزییانە نەبوونەتە رێگر لە بەردەم هەناردنی نەوت  وتائێستاش بەردەوامە."

راکان سەعید هەروەها وتیشی:" داعش نابێ ببێته‌ هۆى پەکخستنی پێشکەوتنی بەرهەمهێنانی نەوت و ڕەوانە کردنی بۆ دەرەوە، به‌ تایبه‌ت دوای ئیمزاكردنی گرێبه‌ستێك له‌لایه‌ن  وەزیری نەوتی عێراق لە ٨ی شوباتی ئه‌مساڵ لەسەر ئەوەی پاڵاوگەیەکی تازە لە شارەکە دروست بکرێ."

سەبارەت بە داواکردنی هێزی چەکداری زیاتر لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌و كۆمیانیایە بۆ‌ مه‌كتوب روونیکردەوە، داوایان له‌ وەزارەتی نەوت و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق كردووه، پاسەوانی زیاتر بۆ پاراستنی بەرهەمەکانیان دابین بکەن، بەڵآم هێشتا هیچ بەدەمەوچوونێک بۆ داواکارییەکەیان نەبووە لەلایەن بەغداوە.

سەرچاوەکە وتی:" بۆیه‌ ئێستا له‌ گفتوگۆی ئه‌وه‌داین جارێكی تر لەڕێگەی بۆری نەوتبه‌ری نێوان هەرێمی کوردستان-بەندەری جەیهانی تورکی بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم، نه‌وتی كه‌ركوك هه‌ناردهی دەرەوە‌ بكرێته‌وه‌. بۆ ئەمەش تاوتوێكردنێكی سه‌ره‌تایی لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا هاتووەتە ئاراوە."

پێشتر و لە سەرەتای مانگی ئازاری رابردوو، سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، پێشتر هه‌رێم ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركوكی‌ هه‌نارده ‌ده‌كرد، له‌ دوای روداوه‌كانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە‌، ئه‌و كێڵگانه‌ كه‌وتقونه‌ته‌ ژێر رکێفی حکومەتی ناوه‌ند. بۆیه‌ پێشنیازێك له‌باره‌ی ئه‌و نه‌و‌ته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی عیراق كراوه‌. پێشنیازه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كۆمپانیای سۆمۆ سه‌رپشك كراوه‌ له‌ بازاڕكردن و فرۆشتنی نه‌وته‌ هه‌نارده‌كراوه‌كه‌ تا داهاته‌كه‌ی بۆ خه‌زێنه‌ی عیراق بگه‌ڕێته‌وه‌ و هه‌ردوو حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێم سوودی لێی وه‌ربگرن."

ئازاد جه‌باری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی و ئاسایش له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك وتی: " هه‌رچه‌نده‌ بە نووسراو لە هیچ حاڵەتێکی مەترسی وەبەرهێنانی نەوت لە کەرکوک و بەتایبەت هەناردنی بۆ ئێران بە ئێمە نەدراوە، به‌ڵام جموجۆڵی داعش به‌ته‌واوی له‌ سنووری كه‌ركوك هه‌ستی پێده‌كرێت. بۆیە پاراستنی تانکەرە نەوتبەرەکان دەکەوێتە ئەستۆی هەردوو وڵاتەوە"

نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی كه‌ركوك پێش روداوه‌كانی‌ ١٦ی‌ ئۆكتۆبه‌ر رۆژانه‌ ٥٥٠ هه‌زار به‌رمیل بوو، نزیكه‌ی ٢٠٠ هه‌زار به‌رمیلی بۆ پاڵاوگه‌كان ده‌ڕۆیشت وه‌ك پاڵاوگه‌ی بێجی‌و كه‌ركوك ‌و سینیه‌ و بازیان، ئه‌وه‌ی ده‌مایه‌وه‌ له‌نێوان ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ هه‌زار به‌رمیل بوو هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرا بە بۆری‌ نەوتبەری نێوان كه‌ركوك- هه‌رێمی‌ كوردستان - به‌ندره‌ی جه‌یهانی توركی

 

- بۆ زانیاری زیاتر لەسەر رێککەوتنی ئێران وعێراق سەبارەت بە نەوتی کەرکوک، لەم راپۆرتەی خوارەوە زانیاریی زیاتر هەیە

http://www.maktwb.com/page_detail?smart-id=85

 

 

هەمووان سه‌ربه‌ستن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ (Maktwb) بهێنرێت‌.
Developed by Smarthand