ئەو شارەی لە نەوتدا دەوڵەمەندە لە ئاژەڵدا هەژارە!

ئێستا سەرووی ٨٠%ی گۆشت و ئاژەڵ لە دەرەوەی کەرکوک هاوردە دەکرێن.. فۆتۆ: مەکتوب

مەكتوب -پێشەوا بەختیار

ئەگەربێتو پارێزگای کەرکوک تەنیا پشت بە سامانی ئاژەڵ و پەلەوەری خۆی ببەستێ بۆ خواردنی گۆشت، ئەوا بە مانگێک یان دوو مانگ تاقە سەرێک ئاژەڵ و پەلەوەر لەم ناوچەیەدا نامێنێتەوە، چونکە ئێستا سەرووی ٨٠%ی ئاژەڵ لە دەرەوەی پارێزگاکە هاوردە دەکرێن.

کۆی گشتی دانیشتووانی پارێزگای كەركوك بەپێی ئامارێکی ناڕەسمی، ملیۆنێک  وپێنج سەد هەزار کەسە، بەڵام کەرتی ئاژەڵداریی -بە رەشەوڵاخ و مێگەلەوە- ناگاتە سێ ملیۆن کە ئەمەش هەرگیز پێداویستی ناوخۆی پڕ ناکاتەوە.

ئەم پارێزگایە رووبەرێکی زۆر لە زەوی و ئاو و زۆنگاوی هەیە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ، بەڵام کەرتی ئاژەڵداریی بە رادەیەک لاوازە، بەرپرسانی کشتوکاڵ دەڵێن "هێڵی ترسناکی تێپەڕاندووە"

هەرچەندە هیچ بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکوک ئامادە نییە لێدوان بدات بە پاساوی ئەوەی بەغدا ئەمری پێکردوون لێدوان نەدەن، بەڵام ماڵپەڕی مەکتوب ئامارێکی لەو بەڕێوەبەرایەتییە دەسکەوتووە کە نیشانی دەدات ئاژەڵداریی بە هەردوو بەشی بەخێوکردن و سەربڕینەوە، ناگاتە ٢٠%ی پێویستییەکانی پارێزگایەکی پڕ نفوسی وەکو کەرکوک.

ئاژەڵ لە ژمارەکاندا

ژمارەکان بەمجۆرە حاڵی سامانی ئاژەڵ لە کەرکوک نیشان دەدەن:

 

  • ملیۆنێک و ١٢٨ هەزار و ٣١٥ مانگا
  • ملیۆنێک و ٣٩٠ هەزار و ٣٢ مەڕ
  • تەنیا ١١٧ هەزار و ٤٩ بزن
  • تەنیا ١٣ هەزار و ٥٩٩ سەر گامێش
  • لەگەڵ ١١٢ سەر حوشتر

جوتیاران و خاوەن پرۆژەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر دەڵێن پەرێشانن لە دەست ئەو رۆتینات و ئەرکە زۆرەی دەخرێتە سەر شانی هاووڵاتییەک ئەگەر بیەوێ پرۆژەیەک دابمەزرێنێ بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ یان مریشک.

ساڵح یەکێکە لەو کەسانەی ویستوویەتی پرۆژەیەکی گاوداریی دابنێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆر هێناویانە و بردوویانە لە مامەڵەکردندا تەواو بێزار و ماندوو بووە. ساڵح بۆ مەکتوب وتی: "قەرزێكمان پێدەدەن لەڕێی بانكێكی دیاریكراوەوە، ئەویش ڕیژەیەكی زۆر سوود دەخاتە سەر قەرزەكە ئەمە ڕێگە پێدراو نییە لە دینی ئێمەدا. بێجگە لەمە جوتیار زیانێکی زۆر دەکات چونکە بڕێکی زۆر کەم پێداویستیی پزیشکی لەلایەن حکومەتەوە دەدرێ بە خاوەن پرۆژەکان ئەمەش وا دەکات لە بازاڕ بیکڕین و پارەیەکی زۆر دەکەوێ لەسەرمان."

جوتیاران و بەرپرسانی کشتوکاڵ ئاماژە بەوەش دەکەن، شەڕی داعش زیانێكی زۆری گەیاند بە کەرتی ئاژەڵداریی لە پارێزگای کەرکوکدا.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە كشتوكاڵی كەركوك بەو مەرجەی ناوی نەنووسرێ، قسەی ئەو جوتیارەی پشتڕاستکردەوە کە رۆتیناتی مۆڵەتپێدان لەلایەن بەغداوە وایکردووە، هەموو کەس نەتوانێ لە کەرکوک ببێتە خاوەن پرۆژەی بەخێوکردنی ئاژەڵ.

گۆشتی زۆر دەخورێ

دیسان بەگوێرەی ئامارەکان، کەرکوک لە مانگێکدا پێویستی بە ٩٠٥٥ تەن گۆشتی سوور هەیە ٥٩ % ئەم بڕە لەناوخۆدا دابین دەکرێ و ٤١%شی هاوردە دەکرێ.

ئەم پارێزگایە لە ساڵێكدا پێویستی بە ٢٢٩٥٠٠ تەن شیر هەیە و زیاتر لە ٤٨%ی ئەم پێویستییە بە بەرهەمی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە و ٥١%ی هاوردە دەکرێ.

بە گشتیی لە مانگێکدا لە قەسابخانەکانی ئەم پارێزگایە ٨٩١١ سەر مەڕ و  ٢٣٥٣ سەر بزن و   ٢٣٠١ مانگا ٥٧ گامێش و حوشترێک سەر دەبڕێن.

کەرتی پەلەوەر هەژارترە

لە كەركوک ١١٦ پرۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەر هەن كە بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ماڵپەڕی مەکتوب هێشتا ٥٠ دانەیان مۆڵەتیان لە حکومەت وەرنەگرتووەو ناتوانن بەشی پێویست گۆشتی سپی بخەنە بازاڕەوە.

 

کۆی گشتی بەرهەمی ساڵانەی ئەم پرۆژانە ٨٧٦٥ تەن گۆشتی سپییە ئەمەش بەڕادەیەک کەمە ٢٠%ی بەرهەمی ناوخۆ دابین ناکات چونکە لە ساڵێکدا ئەم پارێزگایە پێویستی ٤٥١٨٨ تەن گۆشتی سپی هەیە. بەمپێیە ٨٠%ی گۆشتی سپی لە دەرەوەی کەرکوک هاوردە دەکرێت.

چونکە هیچ پڕۆژەیەکی بەخێوكردنی مریشك بۆ هێلكەکردن نییە، ١٠٠% لە دەرەوە هێلکە هاوردە دەکرێت.

بۆ سامانی ماسی، لە کەرتەکانی تر باشتر نییە چونکە چەند پڕۆژەیەكی کەم هەن کە ماسی بەخێو دەکەن کە هەرگیز لە ئاستی پێویستدا نین.

هەمووان سه‌ربه‌ستن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ (Maktwb) بهێنرێت‌.
Developed by Smarthand