لە زیندانەوە بۆ زیندان.. چیرۆکی ئەو منداڵە کەرکوکییەی هەرگیز ماڵی خۆیانی نەدیوە

دایکی لە زیندان چاوەکانی کوێربوون و ئێستا ئەو لە زیندانی بەغدا و ئاوارە لە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر دەژین..

مەکتوب – تارا عەزیز

رۆژێکی گەرمی هاوینی ساڵی ٢٠١٠ پۆلیسی کەرکوک ناچار دەبن منداڵێک بخەنە زیندانەوە کە تەمەنی تەنیا دوو ساڵانە. هەموو تاوانی ئەوە منداڵە ئەوەیە کە کوڕی دایکێکە و تۆمەتبارە بە ئاگاداربوون لە کوشتنی مێردەکەی. ئەمە سەرەتای چیرۆکێک دەبێ بۆ منداڵێک کە بۆ هەمیشە باوکی و خێزانەکەی لە دەست دەدا.

ئاوارە ناوی ئەو منداڵەیە، کە ژیانی ئاوارە دەخوێنیتەوە لەم ستۆرییەی ماڵپەڕی مەکتوبدا، لەوانەیە تۆش خێرا بڕیار بدەی تائێستا ئەو ناوە پڕ بە پێستی ژیانی کوڕێکی بێچارەیە کە باجی هەڵەی  زڕخوشکێکی خۆی دەدات لەپێناو خۆشەویستییه‌کی سەر نەگرتوودا.

پوختەی ئەو رووداوەی کە خێزانێک تێیدا هەڵده‌وەشێتەوە، پیاو و ژنێکی دانیشتووی کەرکوک ساڵی ٢٠٠٧ هاوسەرگیریی دەکەن. ژنەکە دایکی سێ کچە لە مێردێکی تر و لەو هاوسەرگیرییە نوێیەیدا کچەکانیش لەگەڵ خۆی دەباتە لای هاوسەرە تازەکەی. ساڵان دێت و دەچێ، یەکێک لە کچەکانی ئەو ژنە خوازبێنیکەری دێت، بەڵام مێردەکەی کە دەکاتە باوەپیارەی کچەکانی، رازی نابێ شووی پێ بکات و دەڵێ: پیاوێکی باش نییە و من پێمخۆش نییە ببێتە زاوامان.

بەگوێرەی گێڕانەوەی دوو کەسی نزیک لەو خێزانە، کچەکە سوور دەبێ لەسەر ئەوەی شوو بەو کوڕە بکات چونکە پەیوەندی خۆشەویستی لەنێوانیاندا هەیە. باوەپیارەکەشی سوور دەبێ لەسەر ئەوەی کە نەیدات و لەسەر ئەمە ئازاری کچەکە دەدات و لە ماڵەوە بەندی دەکات، دواجار بە ئاگاداری کچەکە شەوێکی هاوینی ساڵی ٢٠١٠ کوڕەکە دێت لە ماڵی خۆیان بە چەقۆ باوەپیارەی خۆشەویستەکەی دەکوژێ. ئیتر لێرەوە ژنی پیاوە کوژراوەکە و کچەکانی دەخرێنە زیندانەوە. یەکێک لەو زیندانیکراوانەش ئاوارەی تەمەن دوو ساڵانە کە تەنیا منداڵی هاوبەشی ئەو ژن و پیاوەیە.

 

لە زیندانەوە بۆ قوتابخانە

رووداوی کوشتنی پیاوەکە چونکە ئاڵۆزە، دادگای کەرکوک بە شێنەیی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکات و بۆ سەرەداوی رووداوەکە دەگەڕێ. بۆ ئەمەش لەسەر سکاڵای برایەکی پیاوە کوژراوەکە، دایکی ئاوارە و هەرسێ کچەکەی دەخرێنە زیندانەوە، چونکە شەوی کوشتنی مێردەکەی دوای رووداوەکە ماڵەوە بەجێ دەهێڵن و کەس ئاگادار ناکەنەوە لەو تاوانە. مامی ئاوارە بۆ ماڵپەڕی مەکتوب وتی: " ئێمە دڵنیاین کە ئەو ژنە و کچەکانی براکەمیان کوشتووە.

بە درێژایی لێکۆڵینەوەی دادگا کە چەند ساڵێک دەخایەنێ، ئاوارە گەورەتر دەبێ تا ئەو ئاستەی ئیتر دەبێ بچێتە قوتابخانە. بەڵام لە دەرەوەی زیندان کەس نییە ئەرکی بەخێوکردنی بگرێتە ئەستۆ.

لە ماوەی مانەوەیدا لە زیندان، ئاوارە بێجگە لە دایکی و هاوزیندانییەکانی، پاسەوان و ئەفسەرو کارمەندانی زیندان دەبنە هاوڕێی. عیماد یەکێکە لە پاسەوانەکانی ئەو زیندانە سەبارەت بە ئاوارە دەڵێ: "منداڵێکی زۆر ژیربوو، هەمووان خۆشماندەویست. لای خۆمان گەورەبوو. بەرپرسی ئێرە یاریی منداڵانەی بۆ دەکڕی و وەکو سەرباز مامەڵەی لەگەڵ دەکرد، هەموو کات دەیوت با بەدڵی خۆی لە گۆڕەپانی زیندانەکە یاریی بکات چونکە منداڵە و بەرگەی ژوورەوە ناگرێ."

کارمەندان و بەرپرسی زیندانەکە بۆ ئەوەی داهاتووی ئەم منداڵە لەوە ئاڵۆزتر نەبێ، بڕیار دەدەن بیخەنە بەر خوێندن. بۆ ئەمەش هەموو رۆژێک یەکێک لە کارمەندەکان ئاوارە دەباتە قوتابخانە. بەمەش ئاوارە دەبێتە تاقە منداڵ لە کەرکوک کە دوای قوتابخانە لە بری ئەوەی بچێتەوە بۆ ماڵەوە، دەبرێتەوە بۆ زیندان

ئاوارە بۆ مەکتوب وتی:" کاتێ لە قوتابخانە لەگەڵ هاوڕێکانم یاریم دەکرد یان قسەم دەکرد، ئەوان قەشمەرییان پێمدەکرد"

ئاوارە لە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر باسی خۆی بۆ پەیامنێری مەکتوب دەگێڕێتەوە

 

ئاوارەبوون لە زیندان

دواجار دادگای کەرکوک گەیشتە ئەو ئەنجامە کە دایکی و زڕخوشکەکانی دەستیان هەیە لە کوشتنی باوکیدا، دادگا سزای زیندانی ئەبەدیی بۆ دایکی و زڕخوشکەکەی دەرکرد. لە بڕیارەکەدا هاتووە دەبێ بیشگوازرێنەوە بۆ زیندانی موسڵ. ئیتر لێرەوە ئەو خێزانە زیندانیکراوە دەگوازرێنەوە بۆ موسڵ.

لە زیندانی موسڵ ژیانیان بە تەواوی دەگۆڕێت چونکە دایکی ئاوارە بەهۆی ئەوەی نەخۆشیی شەکرەی هەبووە، چاوەکانی بینایی لە دەست دەدا. زۆر ناخایەنێ کە گەیشتوونەتە موسڵ چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ ئەو شارە داگیر دەکەن. لەو کاتەدا خوشکەکانی بە دەرفەتی دەزانن لە زیندان هەڵدێن و ئاوارە و دایکە نابیناکەی بەجێ دەهێڵن.

ئاوارە بەباوەشی دایکییەوە دیسان دەهێنرێنەوە بۆ زیندانی کەرکوک، ئەمجارەیان دایکی بۆ بەسەر بردنی سزاکەی، بە بڕیاری دادگا ڕەوانەی زیندانی بەغدا دەکرێ ئیتر لێرەوە کوڕ و دایک لە یەکتر جیادەکرێنەوە چونکە دایکی نایەوێ ئەو منداڵە لەگەڵ خۆی  بباتە زیندانی بەغداوە.

پۆلیسەکانی زیندانی کەرکوک دەیگێڕنەوە کە ئەو رۆژەی لە یەکتر دادەبڕێن و دایکی بەرەو بەغدا بەڕێ دەکەوێ، دیمەنێکی زۆر خەمناکی هەبووە. دایکێکی سزادراو کە ئێستا بینایی لە دەستداوە، ناچارە ئەو تەنیا منداڵەی لە خێزانەکەیدا بۆی ماوەتەوە بەجێ بهڵێ و ناشزانێ چارەنووسی منداڵە بێکەسەکەی چی لێدێت. ئیتر هەمووان دەست بە گریان دەکەن بە دایک  ومنداڵ و پۆلیسەوە!

ئاوارە بەرەو هەولێر

بەرپرسانی زیندان دۆش دادەمێنن کە ئاخۆ چی لەو منداڵە بێکەسە بکەن، ناتوانن لە زیندان بهێڵنەوە، دایکیشی نایبات بۆ بەغدا و لە کەرکوکیش کەس ئامادە نییە بەخێوی بکات. ناچار بڕیار دەدەن بیگوازنەوە بۆ خانەی بێ سەرپەرشتان لە شاری هەولێر" بە گریانەوە لە دایکیمان وەرگرت، کە بردمان بۆ خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر، لەوێ بەجێمان هێشت هەر دەگریا و هاواری دەکرد جێم مەهێڵە ڕائید! ئێمە تاکە کەس بووین ئەو شکی ببات لەم دنیایەدا، بەڵام چیبکەین ئێمەش ناچاربووین."

ئاوارە ئێستا تەمەنی ١٠ ساڵانە و قوتابی پۆلی سێی بنەڕەتییە، وا بۆ دوو ساڵ دەچێت کەرکوکی بەجێهێشتووە و لە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێرە. پەیامنێری مەکتوب لە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر چاوی بە ئاوارە دەکەوێ و پرسیاری کەرکوکی لێدەکات. لە وەڵامدا بێ سێ و دوو دەڵێ: "زیندانەکە؟" ئەو وشەی کەرکوکی بە "زیندانەکە" بیردەکەوێتەوە " یاریان بۆ دەکڕیم، ئایپادم هەبوو، جۆلانێم بۆ دروستکرابوو. بەڵام زۆرم پێناخۆشبوو کە هاوڕێکانم لە قوتابخانە هەمووجارێ دەیانوت لە سجنەوە هاتووە!"

ئەو ئێستا بەشێک لە دیمەنەکانی زیندانی کەرکوک و موسڵی لەبیر ماوە " گریانەکانی دایکم.. ناڵە و هاواری ژنەکانی ناوزیندان.. دیمەنی داعش و هەڵاتنی خوشکەکانم لە زیندانی موسڵ."

مامی ئاوارە، کە یەکێک بوو لەو کەسانەی لە سەرەتاوە بەدواداچوونی بۆ کەیسی کوشتنی براکەی کردووە و هەر ئەو بوو داوای یاسایی لەسەر براژنەکەی و کچەکانی تۆمارکرد، سەبارەت بە هۆکاری بەخێونەکردنی ئاوارە بۆ مەکتوب وتی "بەخێوکردنی ئەو منداڵە بەرپرسیارێتییە و کێشە دەهێنێتە ماڵەکەم، هەرچەندە من چەند جارێک ویستوومە هەڵی بگرمەوە بەڵام ئاوارە خۆی نایەوێت"

ئەمە لە کاتێکدایە ئاوارە بە دڵخۆشییەوە باسی ئەوە دەکات مامی جار جار دێتە لای "زۆر حەزدەکەم لەگەڵ ماڵی مامم بژیم، بەڵام نازانم بۆچی هەمووجار لێرە پێمدەڵێن دادگا و دایکت ڕێگەنادەن."

 شیلان یەکێکە لە دادەکانی خانەی بێسەرپەشتانی هەولێر سەبارەت بە ئاوارە دەڵێ: "هەموو منداڵەکان کەسێکیان هەیە حەفتانە سەردانیان بکات یان کە بارودۆخیان تێکدەچێ تەلەفۆن بۆ کەسێکیان دەکەین، بەڵام ئاوارە کەسی نییە و کەسیش وەڵامی تەلەفۆنی ناداتەوە! تائێستاش شەوان لەناو شیرینخەودا بە گریانەوە بانگی دایکی دەکات."

دوایینجار کە ئاوارە لەگەڵ دایکیدا قسەیکردووە سەرەتای هاتنی بووە بۆ هەولێر، ئەو بە کەمی بیریەتی باسی چییان کردووە، تەنیا ئەوەندەی بیرە دایکی بە گریانەوە بەڵێنی پێداوە هەر کە لە زیندان دەرچوو بیدۆزێتەوە و پێکەوە بژین. ئاوارە بە ئومێدەوە باس لەمە دەکات.

هەر چاوەڕێیە دایکی بەڵێنەکەی بباتە سەر  کە هاتە دەرەوە لە زیندان پێکەوە لە ماڵێکدا بژین!.. فۆتۆ: مەکتوب

هەمووان سه‌ربه‌ستن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ (Maktwb) بهێنرێت‌.
Developed by Smarthand