زانیار جومعە.. شانۆکاری سەر ستەیج و شەقام و فەیسبووک

لە تەمەنی نۆ ساڵانەوە زانیار جومعە کاری نواندن دەکات ساڵانێک لەناو کۆڵان دواتر لەسەر ستەیج.. مەکتوب

مەکتوب- عەلی ئاراس

لە تەمەنی نۆ ساڵانەوە خووی داوەتە هونەری نواندن، دواجار بووە شانۆکارێکی راستەقینەو لەسەر ئاستی کەرکوک ناوبانگی پەیدا کرد. کەچی بڕوانامەکەی زانکۆی دەرچووی کۆلیژی زانستە سیاسییەکانە.

لە پاڵ کارە هونەرییەکانیدا، زانیار چالاکێکی کۆمەڵی مەدەنیشە

ئەو هونەرمەندە ئێستا زیاتر بەو پیاوە دەناسرێتەوە کە تەشتێک قوڕاوی کرد بەسەری خۆیدا، ئەمە پوختەیەکە لە ژیانی هونەریی زانیار جومعە کە تێکەڵەیەکە لە ئەکتەری کۆمیدی و چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی و شانۆکارێکی پیشەیی.

زانیار جومعە عەبدولڕەحمان ساڵی ١٩٧٣ لە گەڕەکی شۆریجەی شاری کەرکوک لە دایکبووە و دەرچووی په‌یمانگای حه‌ویجه‌ ساڵی ١٩٩٣ و كۆلێژی زانسته‌ سیاسیه‌كانه‌ لە زانکۆی کەرکوک.

سەرەتای کاری هونەریی زانیار دەگەڕێتەوە بۆ منداڵیی و گەنجێتیی کە ئەو کاتە بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکیان هەبێ لەسەر رێبازە هونەرییەکان، لەگەڵ نۆ هاوڕێی خۆی کاری شانۆیی دەکەن. تا دواجار کەسێک بەناوی مامۆستا نازم  ده‌ستی ئەوان ده‌گرێت و بەرکوڵێک لە هونەر بەتایبەت هونەری شانۆ و نواندنیان فێر دەکاتوهانیان دەدات بۆ خوێندنەوەی کتێب سەبارەت بە هونەر.


ساڵی ١٩٩١ دەبێتە ساڵی ده‌سپێک بۆ ناو ‌كاری هونه‌ری نواندن بە شێوازی هونەریی و رێکخراو. لەمبارەیەوە بۆ ماڵپەڕی مەکتوب زانیار دەڵێ: "سه‌ره‌تا له‌ قوتابخانه‌كان شانۆگه‌ریمان پێشکەش ده‌كرد دواتر له‌ تیپی شانۆی ئاشتی بووم بە ئەندام و یه‌كه‌م كارمان وەکو تیپ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنی کەرکوک په‌خشكرا. ئەو کارەمان ناوبانگی بۆ بەدەستهێناین. هەر لەو ساڵەدا شانۆگه‌ریی (پرسیار)مان پێشكه‌شكرد. ئیتر بووینە جێی سەرنجی کەناڵەکان و داوای کاریان لێکردین، من لە شانۆگەریی پرسیاردا ناوم حەمەلاو بوو، ئیتر حەمەلاو بوو بەناوی دووەمم و تائێستاش بەشێک لە ژن و پیاوە تەمەنەکانی کەرکوک کە دەمبینن هەر بەو ناوە بانگم دەکەن"
زانیار و هاوڕێکانی ‌لە ساڵی ١٩٩٤ تا ٢٠٠١هه‌موو جه‌ژنێك له‌ شاری یاری (ریحاب) له‌ كه‌ركوك شانۆگه‌رییان پێشكه‌ش ده‌كرد. ئەم کارە بوو بوو بە نەریتی ساڵانە، بۆیە تا دەهات ناوبانگی هونەریی زانیار زیاتر دەبوو.
بۆ خۆی دەڵێ لە کەرکوک یه‌كه‌م كه‌س بووە شانۆی لە سه‌ر شه‌قام پێشکەش کردووە " ساڵی ٢٠٠٣بڕیارمدا له‌ ساڵیكدا شەش كار پێشكه‌ش بكه‌م له‌سه‌ر شه‌قام و توانیشم ئەوە بکەم. دوای ئه‌وه‌ شانۆی سه‌ر شه‌قام لە کەرکوک دروست بوو."
دەشڵێ یەکێکی تر لە کارە جیاوازەکانی لە دنیای هونەردا، دروستکردنی "درامای فه‌یسبووك" بووە کە ماوەکەی لە دوو خولەک تێناپەڕێ و یەکەم زنجیرە درامای بەناوی " هەڵامەت" بە ٣٠ زنجیرە بڵاوکردووەتەوە.

بێجگە لە کاری هونەری نواندن، زانیار وەکو چالاکێکی کۆمەڵی مەدەنی بەشداری کۆڕوکۆبوونەوەکان و کەمپینەکانی ناڕازیی دەکات.

کە وەکو ناڕەزاییەک دژی تەقینەوەیەک لەناو کەرکوک و شێوانی رەوشی ئەمنی، تەشتێک قوڕاوی کرد بەسەری خۆیدا. جارێکی تریش وەکو ناڕەزاییەک دژی مردنی منداڵێک بەهۆی دوپشکەوە و نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی کەرکوک، دیسان زانیار تەشتێک قوڕاوی کرد بەسەری خۆیدا و کەمپینێكی ناڕەزایی لەسەر ئەو کەموکوڕییە پزیشکییانە بەڕێخست. ئەو چالاکییانەی زانیار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کاردانەوەی زۆری هەبوو، بۆیە لەو کاتەوە لای بەشێکی زۆر لە خەڵک بە "پیاوی قوڕاوەکە" ناسراوە.

ئێستا زانیار وەکو رۆژنامەوان لەگەڵ کەناڵی رەسمی ئەلعیراقیەدا کار دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامە لە کاری هونەریی.

هەمووان سه‌ربه‌ستن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ (Maktwb) بهێنرێت‌.
Developed by Smarthand