خواردنەوەی چایەک لەگەڵ ئوم کەلسوم و پاشای عێراقدا!

لە چایخانەکەی سەید عەبدوڵڵا کە یەکێکە لە کۆنترین چایخانەکانی بازاڕی (جوت قاوە) و زۆربەی پیاوە بە تەمەنەکان لەوێ کۆدەبنەوە، وا هەست دەکەی لە گەلەرییەکی فۆتۆدا دانیشتوویت و بەدەم خواردنەوەیەک چایەکەوە دەتوانی ئەستێرە هونەرییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی سەد ساڵی رابردوو ببین.

سەید عەبدوڵڵا لەسەر ئارەزووی خۆی ئەو وێنانەی هەڵواسیوە و پێیخۆشە لەوەی ئێستا هەیە وێنەی زیاتر هەڵبواسێ. بەڵام شوێنەکەی سنووردارە و بۆی نالوێ.

لەم چایخانە بچووکە وێنەی دەگمەنی گۆرانیبێژی بەناوبانگی عەرەب ئوم کەلسوم،  وێنەی ئەفسانەی کچی کافرۆش لەگەڵ ئەکتەرە عەرەبیەکان و گۆرانیبێژانی کەرکوک بەرچاو دەکەون.

سیاسییەکانی پێشووی عێراق لە چایخانەکەی سەید عەبدوڵڵا غیاب نین و چەندین وێنەی ئەوانیشی هەڵواسیوە لەوانە مەلیک فەیسەڵی دووەم و عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف. رەنگە ئەم پیاوە نەزانێ کە ئەو سیاسییانەی ئەم وێنەی هەڵواسیون، بە دەستی خۆیان یان بە پیلان یەکتریان کوشتووە کەچی لە چایخانەکەی ئەودا لە تەنیشتی یەکتردا بزە گرتوونی!

فۆتۆکان: تارا عەزیز

 

 

هەمووان سه‌ربه‌ستن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ (Maktwb) بهێنرێت‌.
Developed by Smarthand