کورد و تورکمان شەریک دەبن یان تەریک؟ گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەنێوان نەوشیروان مستەفا و بەرەی تورکمانی دا

کورد دوانزە ساڵ لەمەوبەر ئامادەبووە تورکمان بکات بە شەریکە دەسەڵات لە کەرکوکدا

مەکتوب

تورکمان چی دەوێ لە دەسەڵاتی کوردی لە کەرکوک؟ ئەی کورد دەخوازێ تورکمان چۆنچۆنی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەدا مامەڵە بکات ئایا شەریک بن یان تەریک؟ ناڕێکییەکان لەکوێدان و بە چ میکانیزمێک ئاستەنگییەکان نەهێڵرێن کە هەردوولا تێیدا بێ زیان بێنە دەرەوە؟

دوانزە ساڵ لەمەوبەر لە دیدار و گفتوگۆیەکدا لەنێوان نەوشیروان مستەفا وەکو جێگری سکرتێری گشتی ی.ن.ک و شاندێکی بەرەی تورکمانی عێراق، ئەم تەوەر گرنگانە دەخرێنە بەرباس و هەردوولا دەخوازن ئەو دیدار و قسانەی کراون ببنە سەرەتا و دەروازەیەکی نوێ سەبارەت بە پرسی کەرکوک لەنێوان هەردوو نەتەوەی کورد و تورکماندا.

مانگی ئایاری ٢٠١٨ لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕاندا، نامیلکەیەک لەژێرناوی (نەوشیروان مستەفا واهی دەدوا)بڵاوکرایەوە کە ناوەڕۆکەکەی بریتیە لە شەش کۆنووسی کۆبوونەوەی نەوشیروان مستەفا وەکو جێگری سکرتێری یەکێتی لەگەڵ ئۆرگانە حزبییەکانی یەکێتی خۆی و شاندی لایەنەکانی دەرەوەی هەرێم و کونسوڵی بەریتانیا لە کەرکوک.

 نامیلکەکە لەلایەن بابەکر دڕەیی کە ئەو کاتە بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووەو خۆی کۆنووسەکانی نووسیوەتەوە، ئامادە کراوە.

لەو نامیلکەیەدا بەڵگە و دۆکیۆمێنتی گرنگی تێدا هەیە سەبارەت بە سیاسەت و تێڕوانینی یەکێتی وەکو حزبێکی بە نفوس و دەسەڵاتداری کورد لە کەرکوکدا و هەروەها بۆچوونی شەخسیی نەوشیروان مستەفا وەکو سەرکردەیەکی کاریگەری کورد بۆ داهاتووی ئیدارەدانی کەرکوک وەکو ناوچەیەکی ئاڵۆز و هەستیار.

ماڵپەڕی مەکتوب لێرەدا تەنیا پوختەی دیدارەکەی نێوان نەوشیروان مستەفا و بەرەی تورکمانی بڵاو دەکاتەوە کە لەو نامیلکەیە وەرگیراوە.

دیدارەکە رۆژی ٩ی ئەیلولی ٢٠٠٦ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک لە شاری سلێمانی بەڕێوەچووە تێیدا نەوشیروان مستەفا کە ئەو کاتە جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بوو، لەگەڵ شاندەکەی بەرەی تورکمانی عێراق کە بریتی بوون لە عەلی مەهدی سەرۆکی (پارتی تورکمان ئیلی) هەروەها حەسەن تۆران ئەندامی مەکتەبی سیاسی (پارتی عەدالەی تورکمانی) و دوو رۆژنامەنووسی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە کەرکوکەوە بەشداری دیدارەکە دەکەن.

دیدارەکە بە جۆرێک راشکاوانەیە کە نەوشیروان مستەفا بە میوانەکان دەڵێ: "من حەز ناکەم بچمە ناو باسی عاتفییانە و قسەی شاعیرانەوە. شتی واقعیم دەوێ و دەمەوێ گوێ لە پێشنیازی ئێوە بگرم چونکە بۆ ئێمە جیاوازی نییە لەنێوان خەڵکی کەرکوک و سلێمانیدا. پەیوەندییەکی ناڕێک هەیە لەنێوان کورد و تورکماندا دەمانەوێ ئەم ناڕێکییە نەمێنێ و بۆ ئەمە حەز دەکەم گوێم لە ئێوەشبێ."

شەریکایەتی لە دەسەڵاتدا

شاندە تورکمانییەکە بە راشکاوی بە نەوشیروان مستەفا دەڵێن: مام جەلال وتی دەبێ لە کەرکوک هەمووان حەقی خۆیان پێ بدرێ، کەچی لەسەر ئەرزی واقیع شتەکە وا نییەو ناهاوسەنگی زۆر هەیە.

لە نێوان تورکمانەکاندا عەلی مەهدی راشکاوانەتر دەدوێ و باسی هۆکاری ناڕازی بوونی تورکمان دەکات لە دەسەڵاتی کوردی لە کەرکوکدا، روو لە نەوشیروان مستەفا دەکات و بەم رستەیە قسەی دڵی خۆی دەکات " لە دوای ٢٠٠٣ نەزەرییەک لەسەر کورد دروستبووە لەلایەن تورکمانەکانەوە کە بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەیان لە کورد. هۆکارەکەش ئەوەیە تورکمان ئەوەندەی چەشتووە کە دوور بکەوێتەوە. لیژنە دروستکراوە بەبێ پرسی تورکمان، لە بیست بەڕێوەبەری گشتیی تەنیا دانەیەکی تورکمانە! کورد وادەزانێ تەنیا ئەوان ستەمیان لێکراوە بۆیە هەموو شتێک بۆ خۆیان بە ڕەوا دەزانن"

لە وەڵامدا نەوشیروان مستەفا پشتیوانی خۆی لە بەشداریکردنی تورکمان لە دەسەڵاتدا نیشان دەدا و ئاماژە بەوە دەکات کورد ڤیتۆی نییە لەسەر مافی تورکمان، ئامادەن لە دەستووری هەرێمی کوردستانیشدا مافەکانیان بچەسپێنن بەڵام پێیان دەڵێ: لای کوردیش نەزەرییەک لەسەر بەرەی تورکمانی دروستبووە کە پێیوایە تورکیا لە کورد تیژ دەکەنەوە. تا قسەی خراپ وەستابێ قسەی خێر سەبارەت بە کورد ناکەن. من حەزناکەم بچمە ناو باسی عاتفییانە و قسەی شاعیرانەوە، دەمەوێ شتی واقیعی ببیستم. ناکۆکییەکانی دنیا لەسەر دەسەڵاتە. ئێوە چی دەڵێن لەمبارەیەوە؟ چیتان هەیە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و سامانی سروشتی؟

عەلی مەهدی سەرۆکی پارتی تورکمان ئیلی ئاماژە بەوە دەکات، لە بیست بەڕێوەبەری گشتی لە کەرکوک، تەنیا دانەیەکیان تورکمانە، داوایان لە بەرپرسانی کورد کردووە ئەم رێژەیە زیاتر بکەن، بەڵام هیچ کام لەو داوایانە جێبەجی نەکراون.

حەسەن تۆران ئەم باسە زیاتر ورد دەکاتەوە و داوای شەراکەتی راستەقینە دەکات و دەڵێ: ئێمە نامانەوێ بەشداری لە حوکمەتدا بکەین بە تەنیا بەڵکو دەمانەوێ بەشداری لە حوکمدا بکەین. تکایە با کورد ئەزموونی سەدام حسێن دووبارە نەکاتەوە، بەناو وەزیری کوردی دادەنا بەس دەسەڵات کوردی نەبوو. دانانی وەزیری تورکمان بەبێ گەڕانەوە بۆ تورکمان خۆی، چ قیمەتێکی هەیە؟ چی دەبێ ئەگەر پارێزگاری کەرکوک تورکمان بێت؟

گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێم

تەوەرێکی تری دانیشتنەکە بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، جێگری ئەو سکرتێری گشتی یەکێتی لەسەر ئەم باسە دەڕوات و بە شاندەکەی بەرەی تورکمانی دەڵێ: " پێویستە بگەینە تەفاهوم بۆ نموونە پەیوەستبوونی کەرکوک بە هەرێمی کوردستانەوە ئایا ئەگەر ئێمە سەرجەم مافەکانی تورکمان مسۆگەر بکەین و زەمینە بڕەخسێنین ئێوە هەڵوێستتان چی دەبێ لەمبارەیەوە؟

عەلی مەهدی راشکاوانە دەڵێ: حاڵی حازر وەزعی تورکمان رێگە نادات بێینە ناو هەرێمی کوردستان تاکو دابەشکردنی دەسەڵات، ئێستا لە کەرکوک دەسەڵاتمان ئەوەیە کە باسکرا تورکمان دەپرسن ئایا لەو هەرێمەشدا هەروەکو ئێستا بێ رۆڵ نابین؟

لەم نامیلکەیەدا بەڵگەی گرنگی تێدایە سەبارەت بە کەرکوک و دیدی بەشێک لە سەرکردایەتی کورد

دیدارەکەی نەوشیروان مستەفا و شاندی بەرەی تورکمانی بە درێژەدان بەم باسانە و چەندین قسەی تر کۆتایی دێت و هەردوولا خوازیارن کە ئەم گفتوگۆیە ببێتە هۆی درێژەپێدانی گفتوگۆی وا راشکاوانە و بێ رووپامایی چونکە هەردوولا قسەی دڵی خۆیان کردووە.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە دوای دوانزە ساڵ لەو گفتوگۆ راشکاوانەیە و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و پەنجەخستنە سەر چارەسەرەکان، ئایا کورد و تورکمان لە کەرکوک توانییان چەندێک لەو کێشانە چارەسەر بکەن کە لە دوای روخانی رژێمی سەدام حسێنەوە لە کەرکوک سەریان هەڵداوە؟

ئایا سەرکردایەتی دوو حزب و بەرەی گرنگی وەکو ی.ن.ک و بەرەی تورکمانی کە بەو روون  ورەوانییە خاڵە کۆک و ناتەباکانیان دۆزیوەتەوە، توانیویانە لانیکەم نزیک بووبنەوە لە چارەسەرێکی مامناوەند بۆ پرسی کەرکوک؟

 

هەمووان سه‌ربه‌ستن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ (Maktwb) بهێنرێت‌.
Developed by Smarthand