حسێن میسری‌... ئەستێرە درەوشاوەکەی شانۆ و درامای کورد

مەکتوب

منداڵێکی بزێوی گەڕەکی شوان، بە قژە لوول و ئاڵۆزکاوەکەیەوە هەموو رۆژێک تائێوارە گەڕەکی تەی دەکرد بە یاریی و هەڵبەز و دابەز. دواتر ئەو منداڵە کە گەورەش دەبێ، دەبێتە هونەرمەندو دەرهێنەرێکی بزێوی کەرکوک و کوردستان هەر بە هەمان قژی لوول و ئاڵۆزکاو بەڵام ئەمجارە تەنکتر لەوەی منداڵیی و لە بری کەرکوک " میسری" دەبێتە نازناوەکەی.

ئەو کەسە هونەرمەندی بلیمەت حسێن رەحیم محەمەد ئەمین ناسراو بە "حسێن میسری"ـە کە ساڵی ١٩٥٧ لە شاری كەركوك لە دایكبووە.
حسێن میسریش وەکو هەزاران کەرکوکی رەسەن، تاڵاوی سیاسەتی تەعریبکردن و چەوساندنەوەی نەتەوایەتی، ژیان لە خۆی و خێزانەکەی دەشێوێنێ و هەرزوو نیشانە بەد و خراپەکانی لەسەر دەر دەکەوێ یەکەم زیان ئەوەیە کە ناتوانێ خوێندن تەواو بکات. بەڵام بۆ خۆی کۆڵ نادات و خۆی فێرە خوێندن و نووسین دەکات بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی.

دوای فێربوونی خوێندن و نووسین، ئیتر نۆرەی هەڵبژاردنی ئەو شتانە دێت لەگەڵ زەوق و سەلیقەی حسێنی گەنجدا دەگونجێ. بێشک ئەویش هونەری شانۆ و نواندنە.

میسری بۆچی؟

رەنگە تا خۆیشی لە ژیاندا بوو، دەیانجار ئەم پرسیارەی لێکرابێ، ئایا کوڕێکی کەرکوکیی لە سلێمانی ژیابێ، پاشگری "میسری" واتای چیە؟

حسێن لە تەمەنی ٢٠ ساڵاندا واتا ساڵی ١٩٧٧ بۆ بەشداری لە کۆرسێکی شانۆییدا، سەردانی وڵاتی میسر دەکات. دوای ئەوەی گەڕایەوە بۆ کەرکوک، ئیتر نازناوی "میسری" بڕا بەسەر حسێنی کەرکوکدا و بۆ هەمیشە ئەم پاشگرەی پێوە لکا.

لە ژیانی هونەریدا ساڵی ١٩٧٣ بۆ یەكەمجار لە شاری موسڵ لە شانۆیی (من الذي قتل الوحش) وەكو ئەكتەر بەشداری كردووە، لە نووسینی عەلی سالم و عەدنان جویدجاتی بوو. دوای ئەوە دەبێتە ئەندام لە (تیپی شانۆی ئەزومونگەری كەركوك) دا و لەوێوە درێژە بە ئەزموونی شانۆیی خۆی دەدات.

لە بواری شانۆدا تەنیا لە رۆڵبینیندا وەکو ئەکتەر نامێنێتەوە، بەڵکو بۆ خۆی دەبێتە دەرهێنەر و کاری دەرهێنان بۆ دەیان دەقی شانۆیی دەکات لەناو کەرکوکدا. بەڵام ساڵی ١٩٨٥ بە زەبری سیاسەتی تەعریب لەلایەن حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە بنەماڵەکەی لە شاری کەرکوک دوور دەخرێنەوە و لە شاری سلێمانی جێگیر دەبن و تا رۆژی مردنی هەر لەو شارەدا مایەوە میسری.

لە بوارەکەی خۆیدا، هەمیشە مۆتەکەی سیاسەتی رەتکردنەوە و سڕینەوە بە زەقی دەبینرا و هەوڵی دەدا بە هونەر دژی ئەو سیاسەتە بووەستێتەوە. حسێن میسری ئەگەرچی سیاسی نەبوو بەڵام هەرگیز نەیتوانی ئەو مۆرکە سیاسییە لە کارەکانی دوور بخاتەوە کە بەبۆنەی کوردبوون و کەرکوکیبوونییەوە تاڵاوی زۆری لەسەر چەشتبوو.
کاتێکیش ساڵی ١٩٨٥ لە شاری سلێمانی گیرسانەوە، حسێن میسری زۆر بەزوویی تێکەڵی ناوەندە هونەریی و درامییەکەی ئەم شارە بوو، هەرزوو نەک جێی خۆی کردەوە، بەڵکو بوو بەناوێکی درەوشاوە و نکوڵی لێنەکراو.

پەڕینەوە بەرەو دراما
کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بۆ حسێن میسری، سەرەتای دەسپێکردنی دنیایەکی تربوو لەناو دنیابەرینەکەی هونەری نواندن دا ئەویش دەرهێنانی چەندین درامای تەلەڤزیۆنیی بوو کە لە کاتی خۆیدا بینەر و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو بەناوبانگترینیان ( زنجیرە درامای خۆرنەوازان بە دوو زنجیرە ساڵی ١٩٩٩، زنجیرە درامای خەونی چۆلەکەکان ساڵی ٢٠٠١،زنجیرە درامای رەشەی پۆلیس ساڵی ٢٠٠٢، زنجیرە درامای حەسەنە فەنی ساڵی٢٠٠٣، زنجیرە درامای جومعە ساڵی ٢٠٠٤) لەگەڵ چەندین شانۆ و درامای کورتی دیکەدا

ئێوارەی رۆژی ٣١ی ئایاری ٢٠٠٩ بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد و هەر لەو شارە بە خاک سپێردرا.

هەمووان سه‌ربه‌ستن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ (Maktwb) بهێنرێت‌.
Developed by Smarthand