بۆ هەموو ژنانی دەستگیرکراو لە کەرکوک تەنیا ژوورێکی شەش مەتری هەیە

ژووری زیندانی ژنان له‌ كه‌ركوك تەنیا شەش مەتر درێژ و سێ مەتر پانیەکەیەتی. فۆتۆ مه‌كتوب

تارا عەزیز – مەکتوب

شوێن: ژوورێک کە تەنیا شەش مەتر درێژ و سێ مەتر پانیەکەیەتی.

ژمارەی دانیشتووانەکەی: ٢٥ کچ و ژنن. بچووکترینیان تەمەنی ١٦ ساڵانە و گەورەترینیان تەمەنی ٦٢ ساڵان.

دانیشتووانی ئەم ژوورە: تۆمەتبارن بە سیخوڕی داعش، سەرۆک باندی لەشفرۆشیی، دزیی و پیاوکوشتن.

ماوەی مانەوەی هەر یەکەیان لە ساڵێک تا نۆ مانگ دەبێ و هەروا چاوەڕێی دادگایی کردنن. بەڵام پێناچێ بەمنزیکانە چاوەڕوانییەکانیان بێتەدی، چونکە کارەکانی دادگا لە کەرکوک زۆر بە سستی بەڕێوە دەچێ ئەویش بەهۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە.

 

ئەم زیندانە یەک ژوورییە دەکەوێتە ناوەڕاستی بینای گرتن وگواستنەوەی کەرکوک (تەفسیرات)ـەوە، بە گشتی تۆمەتبارانی ناو ئەم گرتووخانەیە تا ئەو کاتە دەهێڵرێنەوە کە دادگا سزایان دەدات. دواتر دەگوازرێنەوە گرتووخانەکانی بەغدا و ناسریە چونکە لە کەرکوکدا زیندانێکی گەورە و شیاو بە شوێنی سزادراوان نییە!

خەدیجەی تەمەن ٦٢ ساڵان لە هەموویان گەورەترە. تۆمەتەکەی ئەم ژنە " سەرۆک باندی لەشفرۆشی و رفاندنی کچانە بۆ ناو باندەکەی" خەدیجە زیاتر لە هەشت مانگە بەند کراوە و هێشتا دیار نییە کەی دادگایی دەکرێ. بەڵام بەر لەوەی خەمی سزادانەکەی خۆی بێ. پەرۆشی ئەوەیە هەواڵی خۆی بگەیەنێت بە تاقانە کوڕەکەی کە هێشتا نەیزانیوە دایکی لێرە بەندکراوە.

 

یەکێکی تر لە بەندکراوەکانی ناو ئەم ژوورە، ژنێکە بەناوی ئاسیا کە تەمەنی ٣٨ ساڵانە وخەڵکی حەویجەیە. ئەو تۆمەتەی بەهۆیەوە دەستگیر کراوە " سیخوڕیکردن بووە بۆ داعش" ئاسیا مێردەکەی داعش بووە و لە شەڕێکدا کوژراوە، دوای ئەوەی لەگەڵ منداڵەکانی دەگاتە کەرکوک و لەلایەن پێشمەرگەوە پێشوازییان لێ دەکرێت. دواتر لە یەکێک لە کەمپەکاندا نیشتەجێ دەکرێن و هەر لەوێش لەلایەن هێزە ئەمنییەوەکانەوە دەستگیر دەکرێ.

ئەم ژنەیش دەیویست ئەوە بگەیەنێت بە براکەی کە لە زیندانە و هێشتا لە ژیاندا ماوە. بەڵام بەدرێژایی ئەو هەشت مانگەی لەم ژووردە زیندانیکرداوە، نەیتوانیوە ئەو پەیامە بگەیەنێ.

لە قوتابخانەوە بۆ زیندان.. ئەمە چارەنووسی ساکاری تەمەن ١٦ ساڵانە  کە بچووکترینی ناو ئەم ژوورەیە. ساکار نۆ مانگە لێرە بەندکراوە بە تۆمەتی دزیکردن. ئێستا دەیەوێ چارەنووسی لە زیندان یەکلایی بێتەوە و بە ئاواتەوەیە جارێکی تر بچێتەوە ناو خێزانەکەی و دەڵێ: هەرکە بەربووم، لەسەر جادە کلینێکس دەفرۆشم.

بێجگە لەم تۆمەتبارانە، چەندین کچ و ژنی لەم ژوورەدا بەندکراون. تۆمەتی سەر ئەوان پیاوکوشتن بووە. پاسەوانێکی ئەم تۆمەتبارانە بۆ ماڵپەڕی مەکتوب وتی: ئەوانەی بە تۆمەتی تیرۆر و کوشتن دەستگیر دەکرێن. لە هەموویان زووتر دادگایی دەکرێن  ودەگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەکانی بەغدا و ناسریە.

لەژوورێکی ئەوەندە بچووکدا، هەموو جۆرە تۆمەتبارێکی تێدایە. بەڵام نە توێژەری کۆمەڵایەتی هەیە سەردانیان بکات، نە لە توانای ئیدارەی گرتووخانەکەشدایە جیایان بکاتەوە.

جوان حەسەن سەرۆکی لیژنەی مافی ژنان و منداڵانە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، دەڵێ لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی ئەو ژوورە هەن لە گرتووخانەی تەسفیرات. بەڵام چونکە گرتووخانەیەکی گەورە و شیاو نییە لە کەرکوکدا، بە ناچاریی لەو شوێنەدا هەموویان کۆکراونەتەوە.

جوان بۆ ماڵپەڕی مەکتوب وتی:" ئەو گرتووخانەیە تەنیا شوێنی ژنانی تۆمەتباران نەبووە، بەڵکو هەندێجاریش ئەو ژنانەی لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێ، لەوێ داڵدە دەدرێن. کەرکوک شەڵتەری داڵدەدانی تێدا نییە. جارجار ئەو بەشەی ژنان لە تەسفیراتمان بەکارهێناوە!"

ئاڵوگۆڕەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کاریگەریشی هەبووە بۆ سەر گرتووخانەی تەسفیرات بە گشتی. چونکە بەرپرس و ئیدارەی گرتووخانەکە گۆڕاوە و کاروبارەکانی دادگاش سستی تێکەوتووە. ئەمە سەرباری ئەوەی سەردان  وچاودێری رێکخراوە بیانیی و ناوخۆییەکان بۆ ئەم شوێنە زۆر کەمی کردووە.

"خەڵک ئێستا زۆر بێزارە و هەست دەکات خۆی لەزیندانێکی گەورەدایە کە کەرکوکە، بۆیە بیری لای زیندانە بچووکەکان نەماوە" سەرۆکی لیژنەی مافی ژنان و منداڵان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وایوت.

عەقید عامر بەڕێوبەری نوێی گرتن و گواستنەوەی کەرکوک سەبارەت بە رەوشی ژنان لە گرتووخانەکەیاندا بۆ ماڵپەڕی مەکتوب وتی: " خزمەتگوزاریی ئاسایش و تەندروستی پیشکەشی ئەو ئافرەتانە دەکرێ کە لای ئێمە بەندکراون. ئەوان سەلامەت و پارێزراون."

بەڵام عەقید عامر ئەوەی فەرامۆش کرد کە هەموو جۆرە تۆمەتبارێک لەناو ژوورێکی شەش مەتریدا کۆکراونەتەوە، کە ئەمە پێچەوانەی رێساکانی ناو زیندانە و پێویستە تۆمەتبارەکان بەگوێرەی مەترسی و زیانەکانی پۆلێن بکرێن و لە یەکتر جیا بکرێنەوە.

هەمووان سه‌ربه‌ستن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ ماڵپه‌ڕی‌ (Maktwb) بهێنرێت‌.
Developed by Smarthand